Exodus 2
لەدایکبوونی موسا
1پیاوێک لە بنەماڵەی لێڤی کچێکی لێڤی هێنا. 2ژنەکە سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، کە بینی منداڵەکە جوانە، سێ مانگ شاردییەوە. 3بەڵام کاتێک نەیتوانی لەوە زیاتر بیشارێتەوە، سەبەتەیەکی لە زەل دروستکراوی هێنا و بە قیر و زفت سواخی دا و کوڕەکەی لەناو دانا، ئینجا لە کەناری نیل لەناو قامیشەڵان داینا. 4خوشکی منداڵەکەش لە دوورەوە وەستا بۆ ئەوەی بزانێت چی لێدێت.5کچی فیرعەونیش کە بۆ خۆشوشتن هاتە خوارەوە بۆ سەر ڕووباری نیل و کەنیزەکانیشی لەسەر کەناری نیل هاتوچۆیان دەکرد، سەبەتەکەی لەناو قامیشەڵانەکە بینی و کچە خزمەتکارەکەی نارد تاکو بیهێنێت. 6ئەویش کردییەوە و تەماشای منداڵەکەی کرد، بینی کوڕێکە و دەگریێ، بەزەیی پێدا هاتەوە و گوتی: «ئەمە یەکێکە لە منداڵی عیبرانییەکان.»
7خوشکی منداڵەکەش لە کچی فیرعەونی پرسی: «ئایا بچم ژنێکی شیردەری عیبرانیت بۆ بانگ بکەم بۆ ئەوەی شیر بە منداڵەکە بدات؟»
8کچی فیرعەونیش وەڵامی دایەوە: «بڕۆ.» کچە عازەبەکەش چوو دایکی منداڵەکەی بانگکرد. 9کچی فیرعەونیش پێی گوت: «ئەم منداڵە ببە و شیری بدە بۆم، منیش کرێیەکەت دەدەمێ.» ژنەش منداڵەکەی برد و شیری دایێ. 10کاتێک منداڵەکە گەورە بوو، بۆ کچی فیرعەونی هێنایەوە، ئیتر بوو بە کوڕی ئەو و ناوی لێنا «موسا ▼
▼موسا نزیکە لە وشەی (مۆشێ)ی عیبرییەوە کە بە واتای دەرکردن یان هێنانە دەرەوە دێت.
» و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەناو ئاو هەڵمگرتووەتەوە.» هەڵاتنی موسا بەرەو میدیان
11کاتێک موسا گەورە بوو، ڕۆژێکیان چووە دەرەوە بۆ لای براکانی و سەیری بارگرانییەکانی کرد و بینی پیاوێکی میسری لە پیاوێکی عیبرانیی برای دەدات. 12ئەویش تەماشای ئەم لا و ئەو لای کرد و بینی کەسی لێ نییە، ئیتر میسرییەکەی کوشت و لەناو لم شاردییەوە. 13بۆ ڕۆژی دووەم چووە دەرەوە و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەکەن. لە خەتابارەکەی پرسی: «بۆچی لە هاوەڵەکەت دەدەیت؟»14ئەویش گوتی: «کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک میسرییەکەت کوشت؟» جا موسا ترسا و گوتی: «بێگومان ئەم کارە زانراوە!»
15کاتێک فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا موسا بکوژێت، بەڵام موسا لە دەست فیرعەون هەڵات و لە خاکی میدیان جێگیر بوو، لەلای بیرێک دانیشت. 16کاهینی میدیانیش حەوت کچی هەبوو، هاتن و ئاویان هەڵکێشا، ئاخوڕەکانیان پڕکرد بۆ ئاودانی مەڕەکانی باوکیان. 17لەو کاتەدا شوان هاتن و دەریانکردن، بەڵام موسا هەستا و فریایان کەوت و مەڕەکانی ئاودان.
18کچەکانیش هاتنە لای ڕەعوئێلی ▼ باوکیان، ئەویش لێی پرسین: «بۆچی ئەمڕۆ زوو هاتنەوە؟»
19ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی میسری فریامان کەوت لە دەست شوانەکان، هەروەها ئاوی بۆ کێشاین و مەڕەکانیشی ئاو دا.»
20ئەویش بە کچەکانی گوت: «ئەی لەکوێیە؟ بۆ پیاوەکەتان بەجێهێشت؟ بانگهێشتی بکەن با نان بخوات.»
21موسا ڕازی بوو لەگەڵ ئەو پیاوە بمێنێتەوە. ئەویش چیپۆرەی کچی دایە موسا. 22چیپۆرەش کوڕێکی بوو، موساش ناوی لێنا گێرشۆم ▼
▼لە زمانی عیبریدا دەربڕینێکە لە وشەی بێگانەوە نزیکە.
، چونکە گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.» 23ئەوە بوو لەو ماوە درێژە، پاشای میسر مرد. نەوەی ئیسرائیلیش ئاهیان هەڵکێشا لە دەست کۆیلایەتی و هاواریان کرد بۆ یارمەتی، گریانەکەیان بەهۆی کۆیلایەتییەوە بۆ خودا بەرزبووەوە. 24خوداش گوێی لە ناڵەیان بوو و پەیمانەکەی خۆی لەیاد بوو لەگەڵ ئیبراهیم ▼
▼بڕوانە پەیدابوون 15:1-16.
و ئیسحاق و یاقوب. 25ئیتر خودا ڕوانییە نەوەی ئیسرائیل و بایەخی پێدان.
Copyright information for
CkbKSS