Zechariah 13
پاکبوونەوە لە گوناه
1«لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»2یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو ▼
▼ڕۆحی پیسی هاندەر بۆ ئەنجامدانی کاری گڵاو.
لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن:”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن. 4«ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5هەریەکە و دەڵێت:”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ 6ئەگەر کەسێک بپرسێت:”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ئەویش وەڵام دەداتەوە:”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
لێدان لە شوانەکە
7«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە،
لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!
لە شوانەکە بدە،
مەڕەکان پەرت دەبن،
پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
8یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی،
دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،
یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.
9ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،
وەک زیو دەیانپاڵێوم،
وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.
ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و
منیش وەڵامیان دەدەمەوە،
من دەڵێم:”ئەوان گەلی منن،“
ئەوانیش دەڵێن:”یەزدان خودای ئێمەیە.“»
Copyright information for
CkbKSS